Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
..............نمايشکردنى کتيب.....................

پیاوه‌ پیرۆزه‌كانى حدیاب

هه‌یسه‌م به‌هنام بوردا

ڕۆمانه‌كه‌ سه‌ربورده‌ى سێ پیاوى پیرۆزى كلێساى ڕۆژهه‌ڵات ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ (ڕه‌بان بۆیاو مار قرداغ و مار عۆدیشۆ)ن. ئه‌م سه‌ربورده‌یه‌ له‌ شێوه‌ى ڕۆمانێكى به‌چێژو ڕێك و پێك و ڕه‌واندا داڕێژراوه‌، به‌و شێوازى ڕۆمانه‌ ئاساییه‌ باوه‌ى ڕۆماننووسان، به‌ڵام لێره‌دا به‌ڕێزه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌و پیاوه‌ پیرۆزانه‌ ڕاده‌وه‌ستین تا له‌ نه‌به‌ردییه‌كانیان ئاگه‌دار بین و بزانین له‌ پێناوى ئه‌و وشه‌یه‌دا شه‌هیدبوونه‌ كه‌ مژده‌ى ڕووناكى (ئینجیل)ى داوه‌.
نووسه‌ر كه‌ ده‌قى مێژوویى بۆ خزمه‌تكردنى ده‌قى ڕۆمان به‌كارهێناوه‌، تا ڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و نه‌به‌ردى و به‌سه‌رهاتانه‌دا سه‌ركه‌وتووه‌و توانیویه‌تى خوێنه‌ر به‌ لاى مه‌حه‌كى ڕووداوه‌كاندا ڕاكێشێت. مه‌حه‌كى دانایى و زانین و شه‌هیدبوون و ڕاستیى مێژوویى و كاروانى باوه‌ڕى ئه‌و پیاوه‌ پیرۆزانه‌.
پێویسته‌ خوێنه‌ر به‌ر له‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌، بۆ سه‌رچاوه‌كانى ئه‌و ڕۆمانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نهێنى ده‌قه‌كه‌ ئاگه‌دار بێت، چونكه‌ ڕه‌بان بۆیا مه‌زارگه‌كه‌ى له‌ شه‌قڵاوه‌یه‌، هه‌روه‌ها مار قرداغ كه‌ سه‌ربورده‌كه‌ى له‌ ڕۆمانى به‌ ناوباگى (یه‌زداندوخت)و سه‌رچاوه‌ى دیكه‌دا باس كراوه‌، هه‌روه‌ها سه‌ربورده‌كه‌ى مار عۆدیشۆ. ئه‌و سه‌رچاوانه‌یش له‌ پێشه‌كى ڕۆمانه‌كه‌دا باس كراون كه‌ بریتین له‌ كتێبه‌كه‌ى ئه‌ب ئه‌لبیر ئه‌بونا (شه‌هیدانى ڕرۆژهه‌ڵات ــــ به‌رگى یه‌كه‌م) و كتێبى ئه‌ب ئازاد سه‌برى (كلێساو مه‌زارگه‌كانى ئه‌ربل)و كتێبى خوشكه‌ حه‌نان ئیسووع شابا (مێژووى مه‌زارگه‌كانى شه‌قڵاوه‌)و كتێبى به‌ڕێز ئه‌دمۆن لاسۆ( مار قرداغى شه‌هید).
سه‌رچاوه‌ى دیكه‌یش له‌ مێژووى كلێساى ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌ن ناوى شه‌هیدان و پیاوه‌ پیرۆزه‌كانیان تێدایه‌. لێك نزیكییه‌ك له‌ نێوان ماوه‌ى شه‌هیدبوونى ئه‌وانه‌دا هه‌یه‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ چاخه‌كانى زایین ده‌ستیان پێكردووه‌، چونكه‌ ڕه‌بان بۆیا گه‌شتى باوه‌ڕه‌كه‌ى له‌ ساڵى 284ى زایینى و مار عۆدیشۆ ساڵى 350ى زایینى و ما قرداغ ساڵى 358ى زایینى ده‌ست پێده‌كات.
ڕۆمانى مێژوویى دووباره‌ نووسینه‌وه‌ى مێژوو نییه‌، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ى ڕابوردووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌سته‌تیكیانه‌ى بێ لایه‌نانه‌و پشت به‌ ده‌قێكى مێژوویى ده‌به‌ستێت، مێژووه‌كه‌یش تێڕوانینى نووسه‌ره‌، هه‌رچى ڕابوردووه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ن كه‌ سه‌رنجى مێژوونووسیان ڕاكێشاوه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش وه‌ك مێژوو تۆمارى كردوون. مێژوو كه‌ره‌سته‌ى گێڕانه‌وه‌ به‌ ڕۆمان ده‌به‌خشێت كه‌ ڕۆماننووس له‌ كاره‌كه‌ى خۆیدا سوودیان لێوه‌رده‌گرێت و، ڕۆمانى مێژوویى ئاستێكى هوشیارانه‌ى شاكار ئه‌نجامدانه‌ كه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك داده‌ڕێژێته‌وه‌ له‌ بناغه‌دا له‌ ئه‌ندێشه‌ى خوێنه‌ردا هه‌یه‌، ڕابوردوویش سه‌رده‌مى سه‌ربورده‌كه‌یه‌و هه‌نووكه‌یش سه‌رده‌مى نووسینه‌كه‌یه‌ به‌و شێوازه‌ى كه‌ خوێنه‌ر لێى ده‌گات.
به‌ڵام ڕۆمانه‌كه‌ پشت به‌ سه‌رده‌مى تۆمار كراوو شوێنى دیاریكراوو ڕووداوى ناسراو ده‌به‌ستێت، ده‌شبێت تێڕوانینى نووسه‌ر له‌م پێكهاته‌یه‌دا ده‌ركه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌وداكانى كاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ى هه‌نووكه‌ییه‌وه‌ یه‌كدى ته‌واو بكه‌ن، كه‌ره‌سته‌ى گێڕانه‌وه‌كه‌ ڕابوردوو به‌ هه‌نووكه‌و ڕووداوه‌كانیه‌وه‌ ببه‌ستیته‌وه‌ ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ ڕۆمان گوتارێكى پێشتر تۆمار كراوه‌و نووسه‌ر ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌ى ڕۆمان سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مى بهێنێته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌لأ ده‌ره‌نجامه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى گوتارى مێژووییدا پێچه‌وانه‌ى یه‌كدى نه‌بن، هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ واى كردووه‌ نووسه‌ر هه‌یسه‌م به‌هنام سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات كه‌ ڕێگه‌ى شه‌هیدان و پیاوه‌ پیرۆزه‌كانى له‌به‌رده‌مماندا ڕووناك كرده‌وه‌ وه‌ك چۆن پێشتر سه‌ربورده‌نووسان ڕووناكیان كردووه‌ته‌وه‌.