Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
..............نمايشکردنى کتيب.....................

پۆلس الفغالی

ابو الفرج گریگۆریۆس ابن العبری

ئه‌م كتێبه‌ له‌ دوو توێى 233 لاپه‌ڕه‌دایه‌و بریتییه‌ له‌ وتاربێژى و وتار كه‌ الخوری پۆلس الفغالی له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ ده‌قه‌كانى وه‌رگێڕاوه‌و ڕێكى خستوون و كتێبه‌كه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانى (كۆڕبه‌ندى كه‌هه‌نۆتی)یه‌. له‌م كتێبه‌دا له‌ گرنگترین ئه‌و زانیارییانه‌ ئاگه‌دار ده‌بین كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ابن العبری نووسراون. ناوبراو ساڵى 1226ز له‌ مه‌لتییه‌ى نزیك فوراتى سه‌روو له‌ خێزانێكى كریستیانى دێرین له‌دایك بووه‌ كه‌ ساڵى 1246ز ڕووى كردووه‌ته‌ (ئه‌نتاكیه‌). پاشان بووه‌ته‌ كاهن و دواتر ڕووى كردووه‌ته‌ حه‌له‌ب و بۆ پله‌ى (مفریانى) به‌رز كراوه‌ته‌وه‌و ساڵى 1286ز كۆچى دوایى كردووه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ابن العبری سه‌رى له‌ هۆلاكۆ داوه‌و پێشوازى لێ كراوه‌و سێ (به‌رائه‌ى داهێنان)ى لێ وه‌رگرتووه‌و به‌ گه‌وره‌ترین زانایانى كڵیساى سریانى ده‌ژمێررێت له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانیدا.
ابو الفرج كتێبى ڕێبه‌رى له‌ شه‌رعى ئایینى و مه‌ده‌نى و بابه‌ته‌ یاساییه‌كاندا له‌ دوو توێى چل و چوار پاڕدا نووسیوه‌و هه‌موو جۆره‌ نزاو پاڕانه‌وه‌یه‌كى كڵێسه‌یى و مه‌ده‌نى تێدایه‌و خۆى وه‌ك (لاهووتى) ناسراوه‌و دوو كتێبى نووسیوه‌ بریتین له‌ (مخزن الاسرار)و (مناره‌ الاقداس)و شاره‌زاییه‌كى باشیشی له‌ فه‌لسه‌فه‌دا هه‌بووه‌و له‌م ڕووه‌وه‌ كتێبى (زبده‌ الحكمه‌)ى به‌ سریانى نووسیوه‌و هه‌ر به‌ ده‌ستنووسى ماوه‌ته‌ تا ساڵى 1887ز له‌ له‌نده‌ن به‌ دوو به‌رگى گه‌ووره‌ و له‌ دوو توێى 951 لاپه‌ڕدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ى دیكه‌ى (مناره‌ الاقداس) له‌ لۆژیك و فه‌لسه‌فه‌دا ته‌واوكردووه‌و كتێبى دیكه‌یشى له‌ باره‌ى فه‌لسه‌فه‌وه‌ هه‌یه‌ (حه‌دیسى حكمه‌)و دوو نامه‌ى له‌باره‌ى (نه‌فسى به‌شه‌رى) و له‌ بوارى مێژوودا هه‌یه‌، ئه‌وه‌بوو كتێبى (مێژووى سریانى) یان مێژووى زه‌مان و دواتر مێژووى كڵێساى نووسى كه‌ قه‌شه‌ اسحاق ارمله‌ وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و له‌ بوارى شیعریشدا به‌ شاعیرى فه‌یله‌سووفانى سریان ده‌ژمێررێت و به‌ زمانێكى سریانى ڕه‌وان و پڕ له‌ ڕه‌وانبێژى خۆى له‌ قه‌ره‌ى هه‌موو بابه‌ته‌كانى شیعر داوه‌و له‌ باره‌ى ئه‌ده‌بى داستانیشى نووسیوه‌ كه‌ بابه‌تێكى ده‌گمه‌نه‌ له‌ ئه‌ده‌بى سریانیدا.
هه‌رچى له‌ ڕووى لاهووتییه‌وه‌یه‌و كاریگه‌رى له‌سه‌ر حیكمه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نسكلۆپیدیایه‌كى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م خۆماندا ده‌بینین كه‌ ابن العبری دایناوه‌ ئه‌ویش (قدس الاقداس)ه‌ یان مناره‌ الاقداس تێیدا ئه‌و به‌ڵگانه‌ ده‌بینین كه‌ له‌ كتێبى پیرۆزه‌وه‌ وه‌رگیراون له‌ وته‌گه‌لى لاهووتى و له‌ ئنجیلى مرقس و یه‌كه‌م و دووه‌م په‌یامى یۆحناو سفرى ته‌كوین و ئنجیلى مه‌تى و به‌ڵگه‌ى دیكه‌ى باوه‌ڕ پێكراو.
له‌ كتێبى (الحمامه‌)دا پاڕێكى دوورو درێژ له‌باره‌ى هه‌ڵس و كه‌وتى جه‌سته‌یى له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ كه‌سان له‌ دێره‌كان ده‌بینین كه‌ له‌ ده‌ پاڕ پێكهاتووه‌و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵس و كه‌وتى ده‌روونى ده‌دوێت، سێیه‌مین به‌شیشى له‌ ده‌ پاڕ پێكهاتووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ واتاى بێده‌نگى ڕوحانى ده‌دوێت كه‌ (حمامه‌) به‌ پێگه‌یشتووانى ده‌به‌خشێت. هه‌رچى سه‌رچاوه‌كانى (ابن العبری)یه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینین بیرو هزره‌كانى خۆى له‌ ئه‌ده‌بى گریكى و سریانییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها بیرو هزرى له‌ گه‌وره‌ نووسه‌رانى سریانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ وه‌ك فلیۆكسینۆسى المنبجی تا ده‌گاته‌ باباى گه‌وره‌و تا ده‌گاته‌ یه‌عقووبى ڕه‌هاوى و ئیسحاقى نه‌ینه‌وایى و یۆحناى دلبانی و یووسف حه‌زایاو دیشواى قه‌ته‌رى و دیۆنسیۆس ابن الصلیبی و كه‌سانى دیكه‌. هه‌ندێك له‌ وته‌كانى ابن العبری لاى سروجى و میامر مار یه‌عقووب ده‌بینرێت.ابن العبری له‌ خۆشه‌ویستى خوادا ده‌ڵێت (خوایه‌ دواى ژیان به‌ هۆى خۆشویستنم له‌پێناوى تۆدا به‌رگه‌ ناگرم، خۆزگه‌ ده‌چوومه‌ ناو سڕبوونى تۆوه‌ تا له‌گه‌لأ تۆدا شادو كامه‌ران ده‌بم، خۆشه‌ویستى هێزێكه‌ زمان ناتوانێت ڕاڤه‌ى بكات).