Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
..............نمايشکردنى کتيب.....................

بنه‌ماى ناوى شارگه‌ل و گوندانى عیراق

گۆرگیس عه‌واد، یه‌عقووب سه‌ركیس

هه‌ردوو توێژه‌ر له‌ پێشه‌كییه‌كه‌دا ده‌ڵێن هه‌ر ناوچه‌یه‌كى عیراق مێژوویه‌كى درێژى پڕ ڕووداوى هه‌یه‌، كه‌ هه‌نووكه‌ زۆر ناوچه‌و به‌شه‌كانى ئاوه‌دانن و دانیشتوانیان لێیه‌، ئه‌م ناوچه‌یه‌ى ئێمه‌ باسى ده‌كه‌ین شێوه‌ى سێ گۆشه‌ى هه‌یه‌و ده‌كه‌وێته‌ لیواى مووسڵه‌وه‌(پارێزگه‌) له‌ نێوان ڕووبارى دژله‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌و زێى گه‌وره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باشووره‌وه‌، له‌ باكووریشه‌وه‌ به‌ زنجیره‌ چیاى قۆش و باعدرا كۆتایى دێت.
ئه‌م ناوچه‌یه‌ شوێنى زۆرى لێیه‌ شوێنه‌واریان تێدایه‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و ئارامى و توركمان و كوردى لێیه‌ به‌ زمانى عه‌ره‌بى و شۆرتى ئارامى و كوردى و توركمانى ده‌ئاخڤن. له‌م شوێنانه‌ شوێَنى وایان تێدایه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌كانى به‌ر له‌ مێژوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و هه‌شیانه‌ له‌ڕۆژگارى ئاشوورییه‌كان و حوورییه‌كان و گه‌لانى كۆندا گه‌شه‌یان كردووه‌و هه‌شیانه‌ له‌سه‌رده‌مى ئیسلامى و دواتر ناوبانگیان ده‌ركردووه‌.
ئه‌م ناوچه‌یه‌ سه‌رده‌مى جۆراجۆرى به‌خۆوه‌ بینیوه‌ كه‌ هه‌زاران سالأ درێژه‌یان هه‌بووه‌و ده‌وڵه‌ت و شارستانیه‌تى جۆراوجۆرى تێدا هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌و ئه‌م شوێنانه‌ به‌ پێى ئه‌و پیتانه‌ى له‌ ناو كتێبه‌كه‌دا هه‌ن ڕیزكراون و هه‌ر شوێنیش سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، له‌ كۆتایى كتێبه‌كه‌یشدا نه‌خشه‌یه‌ك هه‌یه‌ ناوى ئه‌و شوێنانه‌ى تێدایه‌ كه‌ باس كراون.
له‌ شوێنى ئاتوور ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ وشه‌یه‌كه‌ به‌ مووسڵى ئێسته‌ ده‌گوتراو ناوێكه‌ به‌ هه‌ر هه‌موو جزیره‌ ده‌گوترا. وێرانه‌و شوێنه‌وارى نه‌مرووده‌ كه‌ یاقووت باسى كردووه‌، قۆش شارۆچكه‌یه‌كى كۆنى ئاوه‌دانه‌و دانیشتووانى كلدانن و به‌ زمانى سۆرت ده‌په‌یڤن و هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ هۆى پێغه‌مبه‌ر ناحووم قۆشییه‌وه‌ ناوى ده‌ركردووه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و دوانه‌ى كه‌ ناویان له‌ ئه‌سفاره‌كانى سه‌رده‌مى كۆن (ته‌ورات)دا هاتووه‌، له‌ فه‌له‌ستین شوێنێكى دیكه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر ناحووم زۆر پێشتر به‌ر له‌وه‌ى ڕوو بدات پێشبینى كردبوو نه‌ینه‌وا بڕووخێت و وێران ببێت. به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ قۆش هه‌ر له‌ سه‌ده‌ى حه‌وته‌مى پێش زایینه‌وه‌ ئاوه‌دان بووه‌. مه‌تران عه‌دناح مه‌ترانى به‌سره‌ له‌ سه‌ده‌ى هه‌ژده‌مى زایینیدا ناوى بردووه‌ وه‌ك له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ى ڕه‌بان هرمزدا هاتووه‌ هه‌روه‌ها دووه‌م جاریش له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ى یوزاداق له‌ كتێبى (الدیوره‌) له‌ هه‌ردوو مه‌مله‌كه‌تى فارس و عه‌ره‌بدا هاتووه‌ كه‌ پۆلس شێخۆ نووسیویه‌تى.
به‌حزانى گوندێكى بچووكى ئاوه‌دانه‌ له‌ نزیك چیاى باشیكه‌و گڵكۆو مه‌زارگه‌لى زۆرى لێیه‌و كڵیسایه‌كى نه‌سرانییه‌كانى به‌ ناوى مار جرجیس و مه‌زارى یه‌زیدییه‌كانى لێیه‌و ناوه‌كه‌یشى له‌ سه‌ر بنه‌ماى شوێنى بینین و دیمه‌نه‌وه‌ هاتووه‌.
باتنیا گوندێكى ئاوه‌دانه‌ له‌ باكوورى مووسڵه‌وه‌یه‌ دانیشتووانى نه‌سرانین و به‌ زمانى سۆرت ده‌په‌یڤن له‌ كلدانه‌كانن و ناوه‌ ئارامییه‌ كۆنه‌كه‌ى واتاى خانووى غیره‌ت ده‌گه‌یه‌نێت و نووسه‌ر نووسینى كلدانى لێ بینیوه‌ له‌ سه‌ر گڵكۆى كاهینه‌كانى گونده‌كه‌ كێشراون .
باقووفا گوندێكه‌ له‌ گونده‌كانى شارۆچكه‌ى ته‌لكێف دانیشتووانى نه‌سرانی كلدانین و زمانیان سۆرته‌و ناوه‌ ئارامییه‌كه‌ى له‌ بێت قۆتاوه‌ هاتووه‌ كه‌ واتاى شوێنى شیش و ته‌خته‌دار ده‌گه‌یه‌نێت و مه‌تران یه‌عقووب مه‌نا یه‌كێكه‌ له‌ ناوداره‌كانى ئه‌م گونده‌و فه‌رهه‌نگێكى كلدانى هه‌یه‌. ناوى به‌رته‌لله‌یش واتاى شوێنى به‌ر سێبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت وه‌ك له‌ ته‌فسیرى غونه‌یمه‌دا ئاماژه‌ى پێكراوه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو دره‌خته‌ى لێیه‌تى وه‌ك یاقووت حه‌مه‌وى و مێژوونووس ئیبن فه‌زوڵڵاى عومه‌رى ئاماژه‌یان پێداوه‌، سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ساڵى 1204ى كۆچى (1789)ى زایینى له‌سه‌رده‌مى میرى شێخان تاڵان كراوه‌.
ته‌ل ئه‌سقوفیش دانیشتووانى كلدانن، واتاى ته‌ل ئه‌سقه‌ف ته‌پۆڵكه‌ى قیت ده‌گه‌یه‌نێت و شوێنه‌وارى كۆنى تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى ساسان و بابلییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ته‌نیشت گونده‌كه‌شه‌وه‌ دێرێكى به‌ناوبانگى كلدانه‌كان هه‌بوو كه‌ پێیان ده‌گوت ئه‌زنیماران.
ته‌لكیف واتاى گردۆڵكه‌ى به‌رد ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ شارۆچكه‌یه‌كى كۆنه‌و نزیك به‌ گردۆڵگه‌یه‌كى پڕ له‌ شوێنه‌واره‌و له‌ نووسینه‌كانى ئاناباسیسى فه‌رمانده‌ى هه‌ڵمه‌تى یۆنانییه‌كان بۆ سه‌ر خاكى عیراق له‌ سه‌ده‌ى چواره‌مى پێش زاییندا ناوى هاتووه‌. ده‌ستنووسێكى كلدانى له‌ گه‌نجینه‌ى به‌رلیندا هه‌یه‌ ساڵى 1076ى یۆنانى واته‌ 765ى زایینى له‌ ته‌لكێف نووسراوه‌.
هه‌ردوو نووسه‌ر ناوى زۆر دێریان بردووه‌ له‌وانه‌ دێرى چل شه‌هید، دێر ڕه‌بان هرمز ـ دێرى سه‌یده‌، دێرى شێخ مه‌تى، دێرى مار ئۆراها، دیرى مار به‌هنام، دێرى دانیال، دێرى مار گۆرگیس، باسى به‌ردێكى هه‌ڵكۆڵراوى ئاشووریش هه‌یه‌ به‌ ناوى شیرۆ مه‌لكتا واته‌ شاو شاژن حه‌وت كیلۆمه‌ر له‌ ڕۆژئاواى قۆشه‌وه‌یه‌ بۆ سنحاریبى شاى ئاشوورییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
هه‌رچى به‌غدیدایه‌ كه‌ واتاى ماڵى خواوه‌نده‌كان ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كى فارسییه‌، ده‌شگوترێت كه‌ ئارامییه‌و واتاى بێت دیتایه‌ واته‌ هێلانه‌ى كونده‌به‌بوو كه‌ باڵنده‌یه‌كى ڕه‌شه‌.
هه‌رچى (كرملیس)ه‌ كه‌ شارۆچكه‌یه‌كى كۆنى كلدانییه‌ به‌ ده‌ستى داگیركه‌رى مه‌غووله‌كانه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تى وه‌ك عه‌مرو كوڕى مه‌تى له‌ كتێبى (المجدل)دا باسى كردووه‌، له‌م شارۆچكه‌یه‌دا ساڵى 1236ى زایینى داستانێكى مه‌زنى تێدا ڕووى داوه‌ وه‌ك له‌ هۆنراوه‌یه‌كى كلدانى له‌و كتێبه‌دا ئاماژه‌ى پێكراوه‌. كڵیسایه‌كى تێدایه‌ به‌ناوى كڵیساى شه‌هیده‌ برباره‌ كه‌ ساڵى 235ى زایینى شه‌هیدكراوه‌.
نه‌ینه‌وا پایته‌ختى ئاشوورییه‌كان كه‌ تا هه‌نووكه‌ شوێنه‌واره‌كانى هه‌ر ماوه‌ پاشایانى ئاشوورییه‌كانى تێدا ژیاون و شارستانیه‌تێكى به‌ناوبانگیان تێدا دامه‌زراندووه‌ تا ساڵى 612ى پێش زایین به‌ ده‌ستى ماده‌كان وێران كرا.