Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
..............نمايشکردنى کتيب.....................

نووسینه‌ نه‌خشێنراوه‌كانى دێر ڕه‌بان هرمز ..
ئه‌لقۆش

ئه‌نمار عه‌بدولجه‌بار جاسم

وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت نووسراوه‌ نه‌خشێنراوه‌كان یه‌كێكن له‌و لێكۆڵینه‌وه‌ گرنگانه‌ى كه‌ گه‌لان و نه‌ته‌وه‌و شارستانیه‌ته‌كان بایه‌خیان پێداوه‌، به‌ هۆى ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌وه‌ شاره‌زاى ڕه‌سه‌نى و دێرینى ئه‌و گه‌لانه‌ ده‌بین، وه‌ك چۆن له‌ وڵاتى نێوان دوو ڕوباردا (میسۆپۆتامیا)و شام و میسرو وڵاتى دوورگه‌ى عه‌ره‌ب وایه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى زمان و زانینی بنج و بناغه‌و تایبه‌تمه‌وندییه‌كانى و مه‌وداى كارتێكردنى له‌ زانیارى و وێژه‌و په‌ره‌سه‌ندنى به‌ درێژایى سه‌رده‌م و ڕۆژگار. زمانى ئارامیش یه‌كێكه‌ له‌و زمانانه‌ى كه‌ كولتوورێكى شارستانى گه‌وره‌ى وێژه‌و ڕێزمان و ده‌ستنووسى بۆ به‌جێ هێشتووین و، ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ى به‌جێى هێشتوون به‌ گرنگترین ڕه‌گه‌زو ئۆرگانى شارستانیه‌تى دێرینى وڵاتى نێوان دوو ڕووبار (میسۆپۆتامیا) ده‌ژمێررێن و، نووسراوه‌ نه‌خشێنراوه‌كانى دێرى ڕه‌بان هرمز به‌ڵگه‌ى ڕه‌سه‌نایه‌تى ئه‌و زمانه‌و گرنگى ئه‌و زمانه‌یه‌ له‌ مێژووى كلێساى ڕۆژهه‌ڵاتدا. به‌مه‌یش ئه‌م كتێبه‌ له‌ به‌شێكى مێژوو و ژیانى قه‌شه‌كان و سه‌رگوزه‌شته‌ى ڕه‌بان هرمز ده‌كۆڵێته‌وه‌، جكه‌ له‌وه‌یش باسى چالاكى و ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى تێدایه‌ كه‌ ناویان له‌ نووسراوه‌ نه‌خشێنراوه‌كاندا هاتووه‌، له‌گه‌لأ لێكۆڵینه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌یاندا به‌ شێوه‌یه‌كى ورد، جگه‌ له‌ وێنه‌و هێڵكارى ڕوونكردنه‌وه‌ له‌ كۆتایى كتێبه‌كه‌دا شان به‌ شانى لیستێك به‌ سه‌رچاوه‌كان . زمانى ئارامى هه‌ر له‌ هه‌زاره‌ى دووه‌مى پێش زایینه‌وه‌ له‌ جیاتى مزمارى به‌كارهێنراو بوو ئه‌ڵته‌رناتیڤى ئه‌و جۆره‌ خه‌ته‌.پاشان خه‌ته‌ ئه‌بجه‌دییه‌كانى زمانانى سامى وه‌ك عبرى و فینیقى به‌لاوه‌ خست و بوو به‌ چه‌ند جۆرێك له‌وانه‌ى نووسینى عبرى له‌سه‌رده‌مى ده‌ست به‌سه‌رى بابلى و خه‌تى نه‌به‌تى و خه‌تى ته‌دمورى و خه‌تى حه‌زه‌رى كه‌ (حه‌زه‌ر) ناوبانگى پێ ده‌ركرد، پاش ئه‌وه‌ سریانى بوو به‌ وارسى ئارامى و چه‌ند جۆره‌ خه‌تێكى لێ هاته‌ كایه‌وه‌ له‌وانه‌ خه‌تى ئه‌سترنجیلی و خه‌تى ڕۆژهه‌ڵاتى و خه‌تى ڕۆژئاوایى. له‌ نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كان و دێرو قوتابخانه‌كاندا ناوبانگى ده‌ركرد، كه‌ پاشتر بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ بوونه‌ مه‌ڵبه‌ندى ژیانى ئایینى و مه‌ڵبه‌ندى تیشكدانه‌وه‌ى هزرو زانین له‌ وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتدا. كتێبه‌كه‌ له‌ نووسراوه‌ نه‌خشێنراوه‌كانى شارۆچكه‌ى قۆش و ژیانى ڕه‌بان هرمز ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ له‌وێ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستكردنى دێره‌كه‌وه‌ له‌ ساڵى 628زدا ژیاوه‌. ڕه‌بان هرمز له‌ كلێساى ڕۆژهه‌ڵات به‌ پیاوى پیرۆز ناوبراوه‌. هێشته‌ مه‌زارگه‌ى ڕه‌بان له‌ كلێساكه‌دا ماوه‌، له‌گه‌لأ گۆڕستانى به‌رتراركه‌كان و هه‌یكه‌لى مار ئه‌نتۆنیۆس و گومه‌زى ڕه‌بان هرمزو ماڵى شه‌هیدان و ژوورى ئه‌ب جبرائیل دنبۆو گومه‌زى قه‌شه‌كاندا، كه‌ ئه‌وانیش ماون، هه‌روه‌ها باسى گرنگترین ئه‌و ڕووداوانه‌ى كردووه‌ كه‌ تووشى دێره‌كه‌ هاتوون. گرنگترین نه‌خشێنراوى به‌ خه‌تى عه‌ره‌بى خوێندووه‌ته‌وه‌و كۆپیى كردوون و بۆ زمانى عه‌ره‌بیشى وه‌رگێڕاون، جگه‌ له‌ لیستێكى ئه‌و كارانه‌ى له‌ نووسراوه‌ نه‌خشێنراوه‌كان و كێلى گۆڕه‌كانى دێرى ڕه‌بان هرمزدا هاتوون، له‌پالأ لیستێكى ناوى ناوداران كه‌ ناویان له‌ نووسراوه‌ نه‌خشێنراوو كێلى گۆڕه‌كانى دێرى ڕه‌بان هرمزدا هاتوون. له‌ كۆتایى كتێبه‌كه‌دا چه‌ند وێنه‌و نه‌خشه‌ى ئه‌ندازه‌یى هه‌ن له‌وانه‌یش وێنه‌ى ڕه‌بان هرمزو گۆڕى به‌رتریاركه‌كان و وێنه‌ى دێره‌كه‌و وێنه‌ى چل پێپلكه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌و هێڵكارى (ئیوان)ى ناوه‌ندى. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێى نووسراوه‌ نه‌خشێنراوه‌ سریانییه‌كان به‌ خه‌تى ئه‌سترنجیلى له‌سه‌ر دیواره‌كان و كێلى گۆڕه‌كانى دێرى ڕه‌بان هرمز له‌ قۆش ده‌ژمێررێت. له‌گه‌لأ كورته‌یه‌كى مێژوویى سه‌باره‌ت به‌ دێره‌كه‌و سه‌باره‌ت به‌ شارۆچكه‌ى قۆش له‌گه‌لأ پاشكۆیه‌ك به‌ ناوى كه‌سه‌كان و شیكردنه‌وه‌ى، له‌گه‌لأ ده‌رخستنى گرنگى دێره‌كه‌ لاى كریستیانه‌كان .