Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
......................بلاوکراوه‌کانى............................


مێژووى ئه‌ده‌بی سریانی (سێ به‌رگ)
دكتۆر پێرا سرمس / له‌سه‌رنووسین : د. سه‌عدی المالح

له‌ چوارچێوه‌ى پلانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانی بۆ چاپكردنى گرنگترین كتێبى تایبه‌تمه‌ند به‌ ڕۆشنبیرى و ئه‌ده‌ب و هونه‌رمانه‌وه‌ به‌باشمان زانی یه‌كێك له‌ ناودارترین و گرنگترین كتیبى هاوچه‌رخ له‌وانه‌ى به‌ سریانی له‌سه‌ر مێژووى  ئه‌ده‌بی سۆمه‌رى و بابلی ئاشوورى كۆنمان نووسرابێت له‌و ئه‌ده‌به‌ى پێش ڕووخانى نه‌ینه‌واو بابل به‌ بزمارى نووسراوه‌ و ئه‌و ئه‌ده‌به‌ى له‌ دوایه‌مین هه‌زاره‌ى پێش زایین و سه‌ده‌كانى سه‌ره‌تاى مه‌سیحیه‌ت و تا سه‌ده‌ى بیسته‌م  به‌ سریانی نووسراوه‌ ئه‌ویش كتێبى (مێژووى ئه‌ده‌بی ئاشوورى)یه‌ له‌ نووسینی دكتۆر پێرا سرمس كه‌ به‌ سێ به‌رگ چاپ بووه‌.

یه‌كه‌مین به‌رگ له‌شه‌ش به‌ش پێكهاتووه‌، له‌ یه‌كه‌مدا هه‌ندێك به‌ڵگه‌ى مێژوویى و ناوى نه‌ته‌وه‌كه‌مان و زمانه‌كه‌مان و هونه‌ره‌كانى نووسین به‌ زمانه‌كه‌مان ده‌خاته‌ ڕوو.له‌ دووه‌مدا شێوه‌كانى نووسین و ڕه‌گه‌زو ژانره‌كانى له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا باس ده‌كات و بۆ ئه‌ده‌بی مه‌زهه‌بی و پێشبینی كردن و یاساداڕێژى و یاساگه‌ل و ئه‌ده‌بی كۆمه‌ڵایه‌تى و پاشان ئه‌ده‌بی په‌ندو حیكمه‌ت دابه‌شى ده‌كات. له‌سێیه‌مدا له‌باره‌ى ئه‌ده‌به‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌دوێت له‌ ڕووخانى نه‌ینه‌واوه‌ تا سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلام و بارودۆخی سه‌رهه‌ڵدانى ئایین  داهێنانه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانى سریانی له‌سه‌رده‌مى فه‌رمانڕه‌وایى فورسى و ساسانییه‌كاندا. له‌ كۆتایى به‌شه‌كه‌دا ناوى نووسه‌رو دانه‌ره‌كان و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا تۆمار ده‌كات. چواره‌مین به‌ش بۆ ئه‌ده‌بی سریانی له‌ سه‌رده‌مى خیلافه‌ى عه‌ره‌بی ئیسلامی ته‌رخان كردووه‌ هه‌ر له‌ سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلام و خه‌لیفه‌كانى سه‌ره‌تاى ئیسلام تا ده‌گاته‌ سه‌رده‌مى هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌وى و عه‌باسى تا ده‌گاته‌ داگیركارى مه‌غوول. هه‌رچى پێنجه‌مین به‌شه‌ باسى ئه‌ده‌بی سریانی له‌ سه‌ده‌ى سێزده‌یه‌م تا سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌م ده‌كات. یه‌كه‌مین به‌رگ به‌ شه‌شه‌مین به‌ش ته‌واو ده‌كات كه‌ بایه‌خ به‌ ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخمان ده‌دات له‌ كۆتایى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌م و نیوه‌ى یه‌كه‌می سه‌ده‌ى بیسته‌م.

دووه‌مین به‌رگ له‌ سێ به‌ش پێكهاتووه‌، یه‌كه‌م زانیارى گشتى سه‌باره‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ سامییه‌كان و زمان و هونه‌ره‌كانى نووسین به‌و زمانانه‌ باس ده‌كات پاشان دێته‌ سه‌ر ڕه‌وشى ڕۆشنبیرى له‌ وڵاتى میسۆپۆتامیاى به‌ر له‌ زایین. له‌ دووه‌مدا باسى زمانى ئه‌كه‌دى و ئه‌ده‌به‌كه‌ى ده‌كات و بابه‌ت و شێوه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانى پۆلین ده‌كات. سێیه‌میش سه‌باره‌ت به‌ زمانی سریانى و قوتابخانه‌و دانه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتى و ڕۆژئاوایی به‌و زمانه‌ ده‌كات.

سێیه‌مین به‌رگ بۆ ئه‌ده‌بی میللى ته‌رخان كردووه‌ واته‌ ئه‌وه‌ى به‌ (سۆرت) نووسراوه‌، ئه‌ویش سێ به‌شه‌، یه‌كه‌م باسى سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ده‌ب به‌  زمانى میللی (سۆرت) و كاریگرى نێرده‌ بیانییه‌كان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی و یه‌كه‌مین ئه‌و چامانه‌ ده‌كات به‌م زمانه‌ نووسراون. هاوكات له‌ دووه‌مین به‌شدا باسى ناوو سه‌رگوزه‌شته‌و به‌رهه‌مه‌كانى نووسه‌رانی سریان له‌ ئێران و عیراق و هه‌ردوو ئه‌مه‌ریكاو رووسیاو وڵاته‌ داگیركراوه‌كانیان و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی سریان ده‌كات كه‌ به‌ زمانى دیكه‌ نووسیویانه‌. له‌ سێیه‌مین به‌شدا چه‌ندین ئامارو زانیارى له‌ سه‌ر ژماره‌ى ڕۆڵه‌كانى گه‌له‌كه‌مان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ئاواره‌ى هه‌موو وڵاتانى جیهانن. 

له‌ ڕاستیدا زۆر كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ى تایبه‌تمه‌ند به‌ ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریمان و به‌ زمانى جیهانی به‌ربڵاو هه‌ن، كه‌ له‌ لایه‌ن گرنگترین  ناودارترین زانایانی بابه‌ته‌ ئاشوورى و سریانییه‌كان و زمانه‌ سامییه‌كانه‌وه‌ نووسراون كه‌ به‌ زانیارى و سه‌رچاوه‌و شێوازى تۆژینه‌وه‌ زانستییه‌ پێڕه‌وكراوه‌كانیان له‌م كتێبه‌ به‌نرخترن به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه‌ له‌ كتێبه‌كانى دیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌و واى لێ ده‌كات بایه‌خێكى زۆرى هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ زمانى سریانی و له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیرێكى سریانییه‌وه‌ نوسراوه‌ بایه‌خ به‌ مێژوو و ڕۆشنبیرى نه‌ته‌وایه‌تی ده‌دات له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ ئه‌و بایه‌خه‌ى تێدا كزبووه‌.

دووه‌مین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كتێبه‌ ساڵى 1962 له‌ تاران چاپ كراوه‌و چه‌ندین ساڵى دوورو درێژه‌ له‌ كتێبخانه‌كان نه‌ماوه‌و له‌و ساڵه‌شه‌وه‌ دووباره‌ چاپ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش هانی داین بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ چاپی بكه‌ینه‌وه‌ تا سوودی زۆرترى بۆ فێرخوازان و نووسه‌ران و بایه‌خده‌ران به‌ ئه‌ده‌بی سریانی هه‌بێت. 

ده‌بێت لێره‌شدا ئاماژه‌ به‌ خاڵێكى گرنگى دیكه‌ بده‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌ی كه‌ نووسه‌ر هه‌موو ئه‌ده‌بی ئێمه‌ كه‌ به‌ ئه‌كه‌دى به‌ (بزماره‌ى) نووسراوه‌و به‌ ئارامی به‌ (سریانی) نووسراوه‌و له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا به‌ ئه‌ده‌بی ئاشوورى ناوده‌بات، ئه‌وه‌یش وا ده‌كات زۆر له‌ زانایانى پسپۆر له‌ ڕووى مێژووه‌وه‌ له‌گه‌لأ ئه‌و ڕ ایه‌ى ئه‌ودا نه‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسى چه‌ندین قۆناغی مێژوویى ده‌كات به‌ ناوى جیا جیا ناو ده‌برێن و زانایانى زمانه‌ سامییه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ دوو ئه‌لف و بێى جیاواز نووسراون بۆیه‌ ئێسته‌ له‌ ناوه‌نده‌ زانسشتییه‌كاندا به‌ دوو زمانى جیاواز پۆلین ده‌كرێن. ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانی بۆ ئه‌مانه‌تى مێژوویى و ئه‌خلاقی كتێبه‌كه‌مان وه‌ك خۆى هێشته‌وه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ هیچ جیاواوى له‌ نێوان ناونانه‌كانى گه‌له‌كه‌ماندا ناكه‌ین و شانازییان پێوه‌ ده‌كه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناوى ئاشوورى به‌ لای ئێمه‌وه‌ واتاى كلدانی و سریانی ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها هه‌مان كات هه‌ردوو ناوى سریانی و كلدانی ناوى ئاشوورى ده‌گه‌یه‌نن.

لێره‌شدا سوپاسى هه‌ندێك له‌ كیژو لاوه‌كانمان ده‌كه‌م له‌ دیانا كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌ب یترن لواتی به‌شى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌یان تایپ كردو سوپاسى لاو دیلۆر ده‌كه‌م كه‌ دووه‌م و سێیه‌م به‌شى كتێبه‌كه‌ى تایپ كردو سوپاسى هاوكارمان گلادس حیكمه‌ت ده‌كه‌م كه‌ كتێبه‌كه‌ى له‌سه‌ر ده‌قه‌ ئه‌سڵه‌كه‌ى هه‌ڵه‌چن كردو سوپاسى ئه‌دیب یه‌واش جانی ده‌كه‌م كه‌ له‌ ڕووى زمان و تا ڕاده‌یه‌ك شێوازه‌وه‌ به‌ كتێبه‌كه‌دا چووه‌وه‌. سوپاس و پێزانین و خۆشه‌ویستى بۆ هه‌ر هه‌موویان.

به‌ڵێن به‌ هه‌موو خوێنه‌رانمان ده‌ده‌ین كه‌ كتێبى زۆرتریان پێشكه‌ش بكه‌ین كه‌ تایبه‌تمه‌ند بن به‌ ڕۆشنبیرى و زمانى دایكى گه‌له‌كه‌مان.  


                                                                د. سه‌عدى المالح    

                                                           به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانی

                                                              له‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان