Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
......................بلاوکراوه‌کانى............................


داستانی دژله‌و فورات
له‌ نووسینی: دكتۆر ئیفرام عیسا یووسف

 

له‌ زنجیره‌ى چاپكراوه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانی وه‌رگێڕانی سریانی كتێبى (داستانی دژله‌و فورات) به‌ زنجیره‌ (13) و له‌ دوووتوێى (148) لاپه‌ڕه‌ى مامناوه‌ندیدا چاپ و بڵاوبووه‌وه‌. كتێبه‌كه‌ ده‌قی سریانی كتێبى دژله‌و فورات له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ ملكۆ شابا له‌ كتێبى داستانی دژله‌و فورات وه‌ریگێڕاوه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌فه‌ره‌نسى له‌لایه‌ن دكتۆر ئیفرام عیسا مامۆستای شارستانیه‌تى كۆن له‌ زانكۆى سۆربۆن نووسراوه‌ كه‌ به‌ نژاد عیراقییه‌و ده‌زگه‌ى چاپ و بڵاوكردنه‌ه‌ى (لامارتین)ى فه‌ره‌نسی ساڵى    1999 چاپ و بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌و له‌و كاته‌وه‌ سه‌رنجی به‌لاى خۆیدا ڕاكێشاوه‌.

هه‌ندێك له‌ ره‌خنه‌گرانی فه‌ره‌نسى ئه‌و كتێبه‌یان به‌ گرنگترین كتێب داناوه‌ كه‌ باسى شارستانیه‌تى دێرینى وڵاتى میسۆپۆتامیاى كردووه‌، كه‌ به‌ ده‌روازه‌ى مێژووی مرۆڤایه‌تى داده‌نرێت و شارستانیه‌تى سۆمه‌رى و بابلی و ئه‌كه‌دى و ئاشوورى لێوه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌. نووسه‌ر كتێبه‌كه‌ به‌ شێوازێكى داهێنه‌رانه‌و به‌ زمانیكى زیندوو نزیك له‌ پاڕانه‌وه‌ى نێوان ڕوحی نووسه‌رو ڕوحی وڵاتى میسۆپۆتامیا پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ى به‌ ناخیدا ڕۆچووه‌، چونكه‌ هه‌م نزیك و هه‌م دوور، هه‌م كه‌وى و هه‌م ته‌مومژاوى ده‌بینێت، به‌ بۆچوونێكى جیاكار له‌ بۆچوونى  توێژه‌رانی ڕۆژئاوایى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت به‌ چاوى كوڕو واریسى شه‌رعی له‌ وڵاتى میسۆپۆتامیا ده‌ڕوانێت.

جێى ئاماژه‌ه‌یه‌ كه‌ ده‌زگه‌ى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس له‌ هه‌ولێر پێشتر ئه‌م كتێبه‌ى چاپ كردبووه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى د. عه‌لی نه‌جیب ئیبراهیم له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ بۆ زمانى عه‌ره‌بی وه‌رگێڕابوو، پێش چه‌ند ساڵێك له‌ سووریا چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.

 خستنه‌ ڕوو: جۆرجینا به‌هنام