Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
......................بلاوکراوه‌کانى............................


ئه‌كیتۆ جه‌ژنى سه‌رى ساڵى بابلی ئاشوورى
له‌ نووسینی حیكمه‌ت به‌شیر الاسود

 

له‌ چاپێكى زۆر جواندا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانییه‌وه‌ كتێبێكى نوێ له‌ زنجیره‌ى ڕۆشنبیرى سریانی به‌ نجیره‌ (14) به‌ ناوونیشانی (ئه‌كیتۆ سه‌رى ساڵى بابلى ئاشوورى) له‌ نووسینی حیكمه‌ت به‌شیر الاسود له‌ دووتوێى (166) لاپه‌ڕه‌ى مامناوه‌ندیدا بڵاوكرایه‌وه‌، نووسه‌ر بڕوانامه‌ى ماجستێرى له‌ شیۆنه‌وارى كۆندا هه‌یه‌.

كتێبه‌كه‌ له‌ پێشه‌كییه‌كه‌یدا جه‌ژنه‌كه‌ به‌ ڕه‌گه‌زێكى جه‌وهه‌رى ڕه‌گه‌زه‌كانى خواپه‌رستی داده‌نێت له‌ هه‌موو ئایینه‌كاندا چونكه‌ هه‌موو خه‌ڵكى له‌ ڕۆژانی دیاریكراوى ساڵدا به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن، كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ى جه‌ژنه‌كان به‌ سه‌رده‌مێكى كۆنى مێژووى ئاده‌میزاددا ڕۆده‌چن ڕه‌نگه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌رى هه‌ڵدابێت كه‌ سه‌رده‌مى پێش سه‌رهه‌ڵدانى كشتوكالأ بووه‌.

دانیشتووانى عیراقی كۆن جه‌ژنگه‌لێكى زۆریان هه‌بووه‌ له‌وانه‌ جه‌ژنگه‌لى ئایینی و ئه‌و بۆنانه‌ى شان به‌ شانى خۆشى بوونه‌ وه‌ك نگین له‌سه‌ر نانی پاشایان و ئاهه‌نگگێڕان به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ جگه‌ له‌ جه‌ژنه‌ وه‌رزییه‌كان، خه‌ڵكى به‌شدارى ئه‌و جه‌ژنانه‌یان ده‌كرد به‌ تایبه‌تى ئایینییه‌كان، دیارترین ئه‌و جه‌ژنه‌ ئایینییانه‌یش جه‌ژنى سه‌رى ساڵى نوێ یان ئه‌وه‌ى به‌ جه‌ژنى (ئه‌كیتۆ) ناسرابوو، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كۆنترین ئه‌و جه‌ژنانه‌ ده‌ژمێررێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین تۆمار كرابێت چونكه‌ ئاهه‌نگ و ڕێوڕه‌سمه‌كانى بۆ هه‌زاران سالأ به‌رده‌وام بوونه‌ و هێشته‌یش به‌ردوامن. ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌می هه‌زاره‌ى سێى پێش زایینه‌وه‌ تا سه‌ده‌ى دووى پێش زایین له‌ وڵاتى میسۆپۆتامیا ئاهه‌نگى تێدا ده‌گێڕرا.

به‌شه‌كانى ئه‌م كتێبه‌ باسى (ئه‌كیتۆ) له‌ ڕووى  ناوو واتاو ڕه‌گ و ڕیشه‌ى له‌ زمانى سۆمه‌ریدا ده‌كات، جگه‌ له‌و سه‌رچاوانه‌ى كه‌ باسى زانیارییان له‌باره‌ى ئاهه‌نگگێڕان به‌م بۆنه‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك جه‌ژن ئه‌گه‌رچى ئه‌و سه‌رچاوان كه‌م و ده‌گمه‌ن و په‌رت و بڵاون، له‌گه‌لأ باسكردنى سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى و ئه‌و شارانه‌ى ئاهه‌نگیان تێدا گێڕاوه‌، پاشان بۆچى له‌م كاته‌دا، له‌و ڕووه‌وه‌ نوووسه‌ر ده‌ڵێت:

وا باو بووه‌ هه‌موو ساڵێك به‌پێى ڕۆژژمێرى مانگى بابلی له‌ یه‌كى نیساندا ئاهه‌نگ به‌م جه‌ژنه‌وه‌ بگێڕرێت هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى بابلی كۆنه‌وه‌. هه‌ندێك جاریش به‌ تایبه‌تى له‌ شاره‌ سۆمه‌رییه‌كانى وه‌ك ئوورو نیپوور دوو جار له‌ساڵێكدا له‌ سه‌ره‌تاى به‌هارو له‌ سه‌ره‌تاى پاییزدا ئاهه‌نگ به‌ بۆنه‌ى ئه‌م جه‌ژنه‌وه‌ ده‌گێڕرا. لاى خۆیه‌وه‌ داستانی گلگامیش (كه‌ڵه‌گامێش) ـ تابلۆى سێیه‌م ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ى گلگامیش خۆى ئاماده‌ ده‌كات و بچێته‌ دارستانی ئورزو داوا له‌ ئه‌نكیدۆ بكات له‌گه‌ڵى بچێت بۆ په‌رستگه‌ى خواوه‌ند نه‌نسۆن بۆ ئه‌وى پیرۆزیی لێ وه‌ربگرن، ئه‌و كات به‌ڵێنى پێ ده‌دات كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ دوو جار جه‌ژنى سه‌رى سالأ بگێڕێت، ئه‌ویش پشت به‌ستن به‌م ده‌قه‌:

بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ به‌ سه‌لامه‌تى ڕوخسارت ببینم و

به‌ خۆشنوودی و دڵخۆشییه‌وه‌ له‌ ده‌روازه‌ى ئوورووكه‌وه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌

ئه‌و كاته‌ى ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ دوو جار ئاهه‌نگى جه‌ژنى سه‌رى سالأ ده‌گێڕم

له‌ ساڵێكدا دوو جار ئاهه‌نگ ده‌گێڕم

با ئاهه‌نگ بگێڕرێت .. با شادى ده‌ست پێ بكرێت .. با به‌ ئاماده‌بوونى تۆ ده‌هۆلأ بژه‌نرێت

به‌شه‌كانى كتێبه‌كه‌ درێژه‌ ده‌كێشن و ورده‌كارییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ (ئه‌كیتۆ) به‌دواى یه‌كدا دێن و به‌ شێوه‌یه‌كى درێژتر باسى هه‌ر دوازده‌ ڕۆژه‌كانى ئاهه‌نگه‌كه‌و ئه‌و ڕێوڕه‌سم و سرووتانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ هه‌ر ڕۆژه‌یدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن. جگه‌ له‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌و هیمایانه‌ى كه‌ له‌و سرووتانه‌دا هه‌ن وه‌ك سرووتی سه‌رشۆڕپێكردنى شاو ده‌ست شوشتن و ژه‌مى خۆراكى پیرۆزى خواوه‌نده‌كان، تا ده‌گاته‌ دوازده‌مین و دوایه‌مین ڕۆژ كاتێك بۆ بۆرسیپا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌وه‌یش سرووته‌كان ته‌واو ده‌بن.

له‌ كۆتاییدا نووسه‌ر ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ هۆى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه‌وه‌و به‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ پێیان گه‌یشتووه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ى لێ وه‌رده‌گرین:

ـ ئه‌كیتۆ ئاهه‌نگێكى ئایینى میللییه‌ خواوه‌نده‌كان و شاو جه‌ماوه‌رى شاره‌كه‌ به‌شدار تێدا ده‌كه‌ن و ڕه‌گ و ڕیشه‌ى به‌ كشت و كاڵه‌وه‌ به‌نده‌و به‌ وه‌رزى جۆ دروێنه‌كردنه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌.

ـ جه‌ژنى ئه‌كیتۆ به‌ شێوه‌یه‌كى باش له‌ مێژووى شارستانیه‌تى وڵاتى میسۆپۆتامیادا تۆمار كراوه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ دێر ڕۆژگاره‌وه‌ له‌سه‌ره‌تاى شارستانیه‌ته‌وه‌ تا سه‌رده‌مى سلووقی و ڕه‌نگه‌ تا سه‌رده‌مى دواتریش له‌ زۆربه‌ى شاره‌كانى عیراقدا به‌و بۆنه‌وه‌ ئاهه‌نگیان گێڕاوه‌.

ـ جه‌ژنى ئه‌كیتۆ له‌ ئاهه‌نگ بچووكه‌وه‌ په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ په‌رستگه‌یه‌كى بچووكدا ئه‌نجام درابێت تا له‌ ئاكامدا سه‌قامگیر بووه‌و له‌ په‌رستگه‌ى فره‌وانى بابلی له‌ ئیساكیلا و زیارتگه‌كانیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چوو.

ـ گرنگترین ئاهه‌نگیش به‌لاى دانیشتوانى بابله‌وه‌ كه‌ژاوه‌ى خواوه‌نده‌كان بووه‌ كه‌ به‌ چوار ده‌ورى شاردا ده‌سووڕایه‌وه‌، خواوه‌نده‌كان ساڵى جارێك له‌ نمایشێكى گه‌وره‌دا خۆیان له‌به‌رده‌م گه‌لدا ده‌نوێنن، ته‌نیا ڕێ به‌ هاووڵاتییانى پله‌ تایبه‌ت ده‌درا به‌شدارى له‌ كه‌ژاوه‌كه‌دا بكه‌ن، هه‌رچى هاووڵاتیانی ئاساییه‌ ته‌نیا سه‌یریان ده‌كرد، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بیانویستایه‌ ده‌ست به‌ په‌یكه‌رى خوادا بهێنن و ده‌ستیان به‌ مندالأ و نه‌خۆش و شت دیكه‌دا ده‌هێنا تا بۆ ساڵى داهاتوو پیرۆزیان بكه‌ن.

ـ ئاكامى كۆتایى ئه‌م جۆره‌ جه‌ژنه‌ و ئه‌م جۆره‌ ئاهه‌نگه‌ یه‌ك شت ده‌بێت ئه‌ویش ڕێز لێ گرتنى خواوه‌ندو شایه‌، له‌گه‌لأ پاشكۆیه‌كى وێنه‌ى ڕوونكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ هیماو سرووتى ئاهه‌نگه‌كاندا.

له‌ كۆتایى كتێبه‌كه‌دا هه‌ندێك په‌راوێزى گرنگ و كورت كراوه‌ى به‌سوود هه‌ن جگه‌ له‌ ناوى خواوه‌ندو شاو شارو قۆناغه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى شارستانیه‌تى وڵاتى میسۆپۆتامیا.

 له‌سه‌رنووسین و خستنه‌ ڕوو: جۆرجینا به‌هنام