Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
......................بلاوکراوه‌کانى............................


توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كانى دووه‌مین ئه‌ڵقه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ى ڕۆڵى سریان له‌ ڕۆشنبیرى عیراقدا (خولى ئیدمون سه‌برى)
نخبة من الباحثين

 

له‌ زنجیره‌ چاپكراوه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانی، كتێبێكى نوێ به‌ زنجیره‌ى (239 ده‌رچوو، كه‌ كتێبێكى دانسقه‌و شایه‌نى بایه‌خه‌ (50) توێژینه‌وه‌ له‌خۆ ده‌گرێت هه‌موویان باس له‌ (ڕۆڵى سریان له‌ ڕۆشنبیرى عیراقدا) ده‌كه‌ن، كه‌ ناوونیشانی ئه‌و ئه‌ڵقه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سریانی ڕێكى ده‌خات. ئه‌م توێژینه‌وانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى چالاكییه‌كانى ئه‌م ئه‌ڵقه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ى ساڵى 2011دا (خولى ئیدمون سه‌برى) خوێَنرانه‌وه‌، ئه‌و ئه‌دیب و چیرۆكنووسه‌ گه‌وره‌یه‌ى عیراق كه‌ له‌ ژیانیدا بایه‌خى ئه‌تۆى پێ نه‌دراو به‌دواداچوون بۆ به‌رهه‌مه‌كانى نه‌كرا، كه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌ تایبه‌تى له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك توێژه‌رو ئه‌كادیمى و ئه‌دیب و ڕۆشنبیران له‌ هه‌موو لایه‌كى عیراق و ده‌شتى نه‌ینه‌واو هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌م ئه‌ڵقه‌قه‌ ئاماده‌كراون.

توێژینه‌وه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ردا دابه‌ش كراون دیارترینیان: له‌ باره‌ى ئه‌زموونى ئیدمون سه‌برییه‌وه‌، ئه‌زمووگه‌لى هونه‌رى، دێره‌كان وه‌ك بنكه‌ى ڕۆشنبیرى و ته‌لارسازى، مێژوو، له‌ باره‌ى ئه‌زموونى سه‌رگۆن پۆلسه‌وه‌، له‌ باره‌ى ئه‌زموونى سه‌عدى المالحه‌وه‌، ئه‌زموونگه‌لى شیعرى، ڕۆشنبیرى و هزرو پێوه‌ندى ڕۆشنبیرى، له‌باره‌ى ئه‌زموونى هه‌یسه‌م بورداوه‌، ئه‌زموونگه‌لى شانۆیى، جگه‌ له‌ وانه‌بێژییه‌ واڵاكان كه‌ پتر له‌ باره‌ى چه‌ند بابه‌تێكه‌وه‌ بوون: ڕۆڵى كریستیانه‌كان له‌ په‌ره‌پێدانى زانستی مرۆیى له‌لایه‌ن ئه‌ب دكتۆر یووسف تۆماوه‌، ڕشنبیرى سریانی له‌ نێوان واقیع و هه‌ڕه‌شه‌كاندا له‌لایه‌ن دكتۆر سه‌عدى المالحه‌وه‌، مێژووه‌كانى سریانی سه‌رچاوه‌ى به‌رایین بۆ مێژووى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین له‌لایه‌ن دكتۆر ئه‌میر حه‌ڕاقه‌وه‌، ڕۆڵى ڕۆشنبیرى و زانستی ئابائى دومنیكان له‌ عیراق له‌لایه‌ن ئه‌ب مووسا دومنكییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ ده‌قى وته‌ى به‌رپرسانی به‌ڕێزى تێدایه‌ كه‌ له‌ ئاهه‌نگى كردنه‌وه‌ى ئه‌ڵقه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا خوێنرانه‌وه‌ هی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان پوترس نه‌باتی سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاماده‌كارى و مه‌تران د. جاك ئیسحاق ڕاگرى كۆڵیژى فه‌لسه‌فه‌و لاهووتی بابل و وته‌كه‌ى دكتۆر كاوه‌ مه‌حموود وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و لاوان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وته‌ى كاكه‌مه‌م بۆتانى سه‌رۆكى یه‌كیه‌تى نووسه‌رانی كورد جگه‌ له‌ وته‌ى ماڵباتی ئیدمون سه‌برى كه‌ ئیعتیدال ئیدمون سه‌برى خوێندییه‌وه‌. توێژه‌ر ده‌توانێت له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌دا ناوونیشانی هه‌موو بابه‌ته‌كان له‌ لیستى ناوه‌رۆكدا ببینێت له‌وانه‌یش پرۆگرامی ئه‌ڵقه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌و هه‌واڵه‌كانى ڕۆژ به‌ ڕۆژ. كتێبه‌كه‌ له‌ 500 لاپه‌ڕه‌ى مامناوه‌ندى پێكدێت و شایه‌نى خوێندنه‌وه‌یه‌.